ئەنجوومەنیی باڵای دادوەری عێراق، سزادانی هاووڵاتییەکی بە تاوانی بانگەشە و بڵاوکردنەوەی بیری بەعس بە شەش ساڵ زیندانیکردن ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەم، ١٨ی ئابی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنیی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی کەرخ، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر تاوانبارێکدا سەپاندووە کە سەر بە حزبی بەعس بووە و بانگەشەی بۆ بیرۆکەکانی حزبی بەعسی قەدەغەکراو کردووە.
ئەنجوومەنیی باڵای دادوەری عێراق، وردەکاری لەمەڕ ناسنامەی سزادراوەکە نەدرکاندووە، جگە لەوەی لە پارێزگای کەرکووک بووە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕیارە سزاییەکەی دادگەی تاوانەکانی کەرخ پاڵپشت بە مادەی هەشت/بڕگەی یەکەم لە یاسای ژمارە ٣٢ی ساڵی ٢٠١٦ی قەدەغەکردن و ڕیشەکێشکردنی حزبی بەعس و چالاکییە ڕەگەزپەرستی و تیرۆریستی و تەکفیرییەکان دەرکراوە.

