Site icon Zed Press

وەزارەتی کار: نووسینگەکانی بەکارخستنی کرێکاران نابێت پارەی فۆڕم لە کارخوازان وەربگرن

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، نووسینگەکانی بەکارخستنی کرێکارانی خۆماڵی، بۆی هەیە تەنیا (یەک) جار پارە لە کرێکار وەربگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەلی کاری بۆ دەدۆزێتەوە و دایدەمەزرێنێت، پارەکەیش نابێت لە ٢٥٪ی کرێی مانگێکی کرێکارەکە زیاتر بێت و هاوکات مافی وەرگرتنی هیچ پارەیەکیان بەناوی پڕکردنەوەی فۆڕمەوە نییە.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ماددە (شەش/١) لە ڕێنمایی مۆڵەتپێدانی نووسینگەکانی بەکارخستنی کرێکاری خۆماڵی لە کەرتی تایبەت ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٨)، “نووسینگەی بەکارخستن بۆی هەیە تەنها بۆ یەک جار بڕێک پارە لە کرێکار وەربگرێت بە مەرجێک لە ڕێژەی (٢٥٪) لە کرێی یەک مانگی کرێکار تێپەڕ نەکات، بەرامبەر دۆزینەوەی هەلی کار بۆی”.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، نووسینگەی بەکارخستن تەنها (یەک) جار پارە لە کرێکار وەردەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەلی کاری بۆ دەدۆزێتەوە و دایدەمەزرێنێ، بەو مەرجەی ئەو بڕە پارەیە بە ڕێژەیەک بێت کە لە (٢٥٪)ی کرێی مانگێکی زیاتر نەبێت.

 

لەو ڕوانگەیەوە، وەزارەتەکە، هۆشداری داوە، کە لە کاتی وەرگرتنی پارەی پێشەکی بەناوی پڕکردنەوەی فۆڕم یان هەر بیانوویەکی تر پێچەوانەی ڕێنماییەکانە و لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی لەم جۆرەیش، داوا لە هاووڵاتییان و کارخوازان دەکات لە ڕێگەی هێڵەکانی هۆشیاری کرێکارانەوە ئاگاداریان بکەنەوە.

 

وەزارەتی کار، نووسینگەکانی بەکارخستنی کرێکارانیش ئاگادار دەکاتەوە، هەر بڕە پارەیەکیان لە کارخوازان وەرگرتبێت یان وەربگرن، بە تووندترین شێوە ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر و پێویستە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان.

 

پاڵپشت بە ڕێنمایی ئاماژەپێکراو، چەندین نووسینگەی ناحکوومی تایبەت بە دۆزینەی هەلی کار لە کوردستان هەن و ناوەکانیان لە پۆرتاڵی کار (kar.molsa.gov.krd) تۆمار کراوە، کە خاوەنی مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی کار/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتین و وەزارەتی کاریش دەڵێ، جگە لەم نووسینگانە هیچ شوێن و پەیج و… هتد کە مۆڵەتی فەرمییان نییە، باوەڕپێکراو نین.

 

ژمارەی پەیوەندی هێڵەکانی هۆشیاری کرێکاران: (07721225500 , 07511225500 , 5500) و کرێکاران و کارخوازان دەتوانن لە ڕێگەی تۆڕەکانی وەتس ئەپ و ڤایبەرەوە بۆ هەر حالەتێک پەیوەندییان پێوە بکەن.

 

Exit mobile version