لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و دوو لە براکانی، دەستگیر کران و هۆتێل لالەزار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، دوای نزیکەی سێ کاتژمێر شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی لە باڵەخانەی هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، سەرئەنجام هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، پۆڵاد شێخ جەنگی و ڕێبوار حامید حاجی غالی بەرپرسی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی، لەگەڵ دەیان لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکە دەستگیر کران.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکە دوای ئەوە دێت، هێزە ئەمنییەکە ڕایانگەیاند، لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانییەوە، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تاوانی ڕێکخراو، فەرمانی گرتن بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەرکراوە، بەڵام ناوبراو، ڕایگەیاند، ئامادە نییە خۆی ڕادەست بکات و بەرەنگاری هەر هێزێک دەبێتەوە.

