Site icon Zed Press

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکەی سلێمانی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، داوای دانبەخۆداگرتن دەکات.

 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “ئەم گرژی و پێکدادانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج”.

 

پەیامەکەی مەسرور بارزانی، دوای ئەوە دێت، لە ئێوارەی ڕۆژی پێشترەوە، جموجۆڵی ئەمنی لە سلێمانی دەستی پێکردووە و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆیشەوە، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە باڵەخانەی لالەزار دەستی پێکردووە. دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان داوای خۆڕادەستکردنی لاهوور شێخ جەنگییان کرد و ئەویش ئامادە نەبوو خۆی ڕادەست بکات و بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی دا.

 

سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “پێویستە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت  و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکوکییەکیش هەبێت پێویستە بە رێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت”.

 

زیاتر دەڵێ: “لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە هەوڵداندام بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گرژییانە بهێنرێت و ڕێگە لە خوێنڕشتن و توندوتیژی بگیرێت”.

Exit mobile version