سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: “یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی یاساکان بریتییە لە پاراستنی ماف و ئازادییەکان و ئاسایشی هاووڵاتییان و پێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت”.
لەو ڕوانگەیەشەوە گوتوویەتی، کە پاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم و چاودێری ڕەوایی و پاراستنی ســەروەری یاسا و باش پیادەکردنی حوکمەکانی و چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان بەپێی ماددە (١/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی هەموارکراو، جەخت دەکەنەوە کە لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان و بڕیارێکی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویستە بەوپەڕی پەرۆشییەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان بکات لە پاراستنی گیان و کەرامەتی هاووڵاتییان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا و دەستووردا هاتووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و بڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێوشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە کە نەبێتە هۆکاری پشێوی و نائارامی و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی بنەما دەستووری و یاساییەکان و هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان و کەرامەت و ئازادی هاووڵاتییان پارێزراو بێت”.
زیاتر دەڵێ: “جەخت لەسەر هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە و لێکەوتەکانی بکەن”.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرن بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١/٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور.

