ئەمڕۆ سێشەم ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ڕاسپاردەی سەرۆکی دەستە د. مونا یاقۆ سەردانی شاری سلێمانیان کرد و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، لە گرتووخانەی “کانی گۆمە” چاویان بە لاهوور شێخ جەنگی کەوتووە و لە نزیکەوە دەربارەی ڕەوشی تەندروستی، شوێنی حەوانەوە و ڕێکارەکان پرسیاریان و گفتوگۆیان لەگەڵ کردووە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە زاری لاهوور شێخ جەنگییەوە ئاماژەیدا: “تەندروستی باشە و لە ژوورێکی تایبەت دانراوە و تەواوی پێداویستییەکانی بۆ دابین کراوە و هەروەها بە ڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە. هاوکات داوای پەرتووکی کردبوو لە ئاسایش، کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە”.
لاهوور شێخ جەنگی بە شاندەکەی دەستەی مافی مرۆڤی گوتووە: “لەوکاتەی کە هاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لە کانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە”.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی داوای کردووە، دۆسیەکەی بە ڕێکاری یاسایی بڕوات و دەستەش چاودێری بکات.
هەروەها لەسەر ڕووداوەکانی لالەزار بە ئەندامانی شاندەکەی ڕاگەیاندووە، کە زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و حکوومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن.
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێت سەردانی بکەن و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێت و ڕێگە بدرێت بە سەردانی پارێزەرەکان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافری مرۆڤدا، دووپات لەوە کراوەتەوە، کە لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کردووە “لەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژییەکی بەرانبەر نەکراوە و هیچ دانپێدانانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە”. هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیۆکردن لەکاتی لێکوڵینەوە گوتوویەتی “هیچ کامێرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکوڵینەوەدا”.
دواتر تیمەکەی دەستە چاویان بە بەشێک لە دەستگیراوەکان کەوتووە، کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی ناسراون و بەپێی بەدواداچونی شاندەکەی دەستەی مافی مرۆڤ ژمارەیان ١٦٢ کەسن و ئاسایش بە شاندی دەستەی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندووە، پێنج کەس لە هەردوولا کوژراون و ڕۆژانەیش ڕێگە بە بەشێک لە کەسوکاریان دراوە سەردانیان بکەن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێستا شوێنیان باشە لەوکاتەی هێنراونەتە ئاسایش و ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژییەک نەبوونەتەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت هەر کەسێکی نادیار و بێسەروشوێن لەو ڕووداوە هەیە، دەتوانن سەردانی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکەن بۆ سۆراخکردنی کەسەکانیان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمییە کە لە دوای ڕووداوەکانی سلێمانی، سەردانی دەستگیرکراوانی کردبێت.

