میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویان کردەوە، لەلایەن دادگەی سلێمانییەوە، دوو فەرمانی گرتن بۆ ئەژی ئەمین دەرکراوە.
بەگوێرەی میدیاکانی یەکێتی، ئەژی ئەمین لە هەمان ئەو دۆسیانەکانی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل تێوەگلاوە و فەرمانی گرتنی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، تێکدانی ئاسایش و ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لە سلێمانی، ئەوەش لە ڕێگەی ناردنی چەکدار و دابینکردنی چەکی هەمەجۆر بۆ هێزەکەی لالەزار، کە شەوی ٢١/٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە گەمارۆ و پەلاماردران و جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، دەیان لە ئەندامانی هێزەکەیش دەستگیر کران.
ئەژی ئەمین، دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمووزی ٢٠٢١، لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە بە سەرۆکی دەزگای زانیاری دەستنیشان کرا، پاشان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی ناکۆکی بۆ دروستبوو و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە بەرانبەردا سلێمانی بەرەو هەولێر بەجێهێشت.

