ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٥، بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد: “سەبارەت بە سیناریۆ لاواز و چەواشەکارییەکەی یەکێتی نوێ، بەرلەوەی ئێمە لە بەرەی گەل ڕەتی بکەینەوە و بەدرۆی بخەینەوە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفرەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاییەکان بەدرۆیان خستەوە”.
ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی گەل، دوای ئەوە دێت، کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/ سلێمانی، دانپێدانانی ژمارەیەک تۆمەتباری دەستگیرکراوی بڵاوکردەوە، کە دان بە هەبوونی پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.
دەستگیرکراوەکان لە دانپێدانانەکەیاندا، کە بەشێوەی تۆماری ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن، لەلایەن لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، بۆ تیرۆرکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕاسپێردراون.
بەرەی گەل لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، دەڵێ: “ئەم سیناریۆ چەواشەکارییە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ ئەو تاوانە گەورە و قێزەونە دژ بە مرۆڤایەتییەی ٢٢ی ئاب پەردەپۆش بکات”، وەک ئاماژەیەک بە هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی هۆتێل لالەزار- شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی- لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و لەو چوارچێوەیەشدا، دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەیان لە ئەندامانی هێزی دووپشکی سەر بە سەرۆکی بەرەی گەل.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بەرەی گەل داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کوردستان کردووە، “ئەم ڕەوشە خراپ و قێزەونە ڕابگرن”.
وەک ئەوەی بەرەی گەل دەڵێ: “بۆ ئەوەی هیچی تر هەرێمەکەمان دووچاری سەرکۆنە و ناشیرینی نەبێت لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”.

