مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ١١٥ هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا لەڕێی پڕۆژەی ڕووناکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەیە. ئەمەش زیاترە لە ٥٠٪ی دانیشتووان، کە دەستکەوتی کەمتر لە ساڵێکە لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە.
زیاتر دەڵێ: “هەروەک بەڵێنمان دابوو پێش وادەی خۆی ، کارەبای ٢٤ کاتژمێری گەیشتووەتە ناوەندی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە. خۆشحاڵم ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجە یەکەم پارێزگایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بە تەواوی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی هەیە”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە: “ڕووناکی تەنیا کارەبای بەردەوام و جێی متمانە نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەیە. تا ئێستا، زیاتر لە سێ هەزار و ٢٠٠ موەلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە گەڕەکەکانمان پاکتر و تەندروستتر و سەلامەتتر بن بۆ منداڵەکانمان”.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی داوە؛ ئامارەکان دەریدەخەن کە ماڵەکان و بازرگانانیش مامەڵەیان لەگەڵ کارەبا گۆڕاوە: کەمتر بەکاردەهێنن و لە پڕۆژەی ڕووناکیدا، نزیکەی ٨٠٪ی خەڵک پارەی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو بڕەی کە پێشتر بە موەلیدەکانیان داوە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دەڵێ: “هێشتا کارمان ماوە. بەڵێنەکەمان لەجێی خۆیەتی، هەموو ماڵ و بزنسێک تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، کارەبای ٢٤ کاتژمێریی دەبێت. ئامادەین بۆ هاوکاریی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ بەدەستهێنانی هەمان ئەو دەستکەوتانە”.

