ئەمڕۆ یەکشەم، ٣١ی ئابی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، پاڵپشت بە کۆمەڵێک بڕیاری یاسایی پێوەست بە کێشەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا کە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەرکراون، وەزارەتەکە، ٦٠ موڵکی دەستبەسەرداگیراوی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشێت، ک پێشتر بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی سەر کۆمپانیاکە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئێستا قەبارەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی گەیشتووەتە ٩١ ملیار و ٧٦٠ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار و ٣٥٠ دینار،
ئەو موڵکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لە چەندین پارچە زەوی، هۆتێل، کافتریا، کابینەی گەشتیاری و هتد پێکدێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری، بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لە ساڵی ٢٠٢١ دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لە کۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، و خەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کراوە و ڕێگری یاسایی هەبووە بۆ فرۆشتنیان، بۆیە بە بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیرا و جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی/ یەک) سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتەکە و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونیان، وەزارەت بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و لەو ڕوانگەیەشەوە داوا لە هەر کەس و لایەنێک دەکات ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگادارییەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان جێبەجی بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووری پاڵپشت بەم بڕیارانە موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان دەفرۆشێت؛
پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە (٩٠/ دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە/ ٢٠٢١/ ڕاستکردنەوە) لە ڕێککەوتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە (٢٠٢٤/٦٨٤) لە ڕێککەوتی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە (حجز) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی و ئاماژە بە بڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە (٧٣٢/پ/٢٠٢٤) لە ڕێککەوتی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.

