Site icon Zed Press

بافڵ جەلال تاڵەبانی: هیچ گرووپێکی میلیشیایی لەسەرووی یاساوە نییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکەی لالەزار ڕایدەگەیەنێت، هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە و چارەنووسی ئەو کەسانەی ئاسایش و سەقامگیریی دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت لە ڕێگەی یاسایی و دیموکراسییەوە بڕیاری لێبدرێت.

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٣٤١ی ئابی ٢٠٢٥، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی لەمەڕ ڕووداوەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، “گرووپێکی میلیشیای نایاسایی، کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو، هێرشیان کردە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان، کە لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو”.

 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، باسی لەوە کردووە، کە کارەکانی گرووپەکە ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، “هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە. چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە قوربانییەکی زۆرمان لە پێناویدا داوە، دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت لە رێگەی پرۆسەی یاسایی و دیموکراسییەوە بڕیاری لێبدرێت، نەک لە رێگەی مەزەندەکردن و بانگەشەی میدیایی”.

 

دەقی پەیامەکە:

 

هەفتەی ڕابردوو، سلێمانی شاهێدی کۆمەڵە رووداوێک بوو، کە بووە هۆی خەم و پەژارە بۆ خێزانەکانیان و نیگەرانیی بۆ رای گشتی.

 

گرووپێکی میلیشیای نایاسایی، کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو، هێرشیان کردە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان، کە لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو، کە ئەرکیان پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان و سەقامگیریی شارەکەیە. ئەم کارانەی گرووپەکە ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن.

 

لەم بارودۆخانەدا، ئاسانە کە دەنگۆ و زانیاریی نادروست بڵاوببێتەوە. رکابەریی دامەزراوە میدیاییەکان زۆر جار لەجیاتی ئەوەی کە ناڕوونییەکان روون بکەنەوە، دەبنە هۆی سەرلێتێکدان. دەبێت بەڕوونی بڵێم؛ کە هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە. چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە قوربانییەکی زۆرمان لە پێناویدا داوە، دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت لە رێگەی پرۆسەی یاسایی و دیموکراسییەوە بڕیاری لێبدرێت، نەک لە رێگەی مەزەندەکردن و بانگەشەی میدیایی.

 

ئاسایش، وەک دامەزراوەیەکی ئەمنیی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رووداوەکە راپۆرتی خۆی بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا زانیارییەکانی بە تەواوی باسکردووە، کە ئەرکی هەموومانە رێگە بە دەسەڵاتی دادوەری بدەین، بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک بەردەوام بن لە کارەکانی خۆیان.

 

هەربۆیە داوام لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە حزبەکەمان کردووە، هیچ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبێت بۆ گەورەکردنی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی کە میدیاکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە. ئێمە خۆمان بۆ ئاستێکی وا دانابەزێنین، ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە بەرپرسیارانە راستییەکان بخەنەڕوو و متمانەی گشتی بپارێزن. دەبێت پێشینەی کارەکانمان پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیانمان بێت، پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا و رێگریی لەو کەسانە بکەین کە پشت بە هێز و تۆقاندن دەبەستن، نەک متمانەی گشتی.

 

داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەین، ئەرکی خۆیان بە پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ بکەن و دادپەروەر و شەفاف بن، لە هەمانکاتدا دڵنیاببنەوە لەوەی کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە. نابێت کاری گرووپێکی میلیشیایی زاڵ بێت بەسەر ویستی هاونیشتمانیان بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی و دیموکراسی.

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٣١ی ئابی ٢٠٢٥

Exit mobile version