Site icon Zed Press

دەستەی مافی مرۆڤ: ئاسایشی سلێمانی زانیاری لەبارەی دەستگیرکراوانی لالەزار دەشارێتەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، ئاسایشی سلێمانی زانیاری لەمەڕ ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار کە لە هێزەکانی دژەتیرۆر و کۆماندۆن دەشارێتەوە و ڕێگریشیان کردووە لە سەردانیکردنی سەرۆکی دەستەکە بۆ لای دەستگیرکراوان.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

پەیامێک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێک بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی و کەیسی ئارام قادر

 

بۆ/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لەهەرێمی کوردستان

 

هەموو لایەک ئاگادارن کە نزیکەی پازدە ڕۆژ بەسەر ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە شاری سلێمانی تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و سۆراغکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە کەسوکاریان زانیاریان لە بارەوەیان نییە و بێسەروشوێنن.

 

پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراغی ئەو کەسانەی تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لە بارەوە نازانرێت. دەزگای ئاسایش/ سلێمانی لە ڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بە ئێمەی ڕاگەیاند دواین لیستی ناوی بێسەروشوێنان کە نێردراوە بۆ دەزگای ئاسایش، لەلای ئێمە نین تەنها ئەو ئامارەی جاری پێشووتر کە بە دەستەمان دابوو لەلای ئاسایشی سلێمانین.

 

بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە ئەو کەسانەی نادیارن بەشێکیان لە دژە تیرۆر یان کوماندۆی سلێمانین، ئەو ڕێگا نەدان و زانیاری پێنەدانە بە کەسوکاریان و بە دەستەی مافی مرۆڤ گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجەدرابن و توندوتیژی لەگەڵیان بەکارهاتبێت لە کاتی دانپێدان، بۆیە نایانەوێت کەس بیانبینێت.

 

پێویستە هەموو لایەک بزانن ماوەی هەفتەیەکە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستە داوای کردووە، تیمێکی دەستە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەستە د. مونا سەردانی بەشێک لەو ڕاگیراوانە بکات، لەناویاندا لاهووری شێخ جەنگی، بەڵام دەزگاکانی ئەمنی سلێمانی ڕەتیان کردووە بە بیانووی ئەوەی کە تیمی دەستە پێشتر هاتووە و پێویست ناکات دووبارە بێن، لە کاتێکدا بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات، ڕاستە پێشتر تیمێکی دەستە سەردانی بەشێک لە ڕاگیراوانی ئەم کەیسەی کردبوو، بەڵام ڕێژەی ڕاگیراوان زۆرە و پێویستە چەند جارێکی تر تیمی دەستە سەردانیان بکات تاوەکوو لە نزیکەوە هەموویان بیبینێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی دەستە و سکاڵای بەرەی گەل تا ئێستاش ڕۆژانە ئەندامانی ئەو حزبە لە سلێمانی و ناوچەکانی تری ئەو سنوورە دەستگیر دەکرێن و هەڕەشەش لە هەندێک کەسی تری نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی دەکرێت.

 

هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە کەسانێک لە ڕووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاوبکەنەوە ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان.

 

بابەتێکی تری پەیوەست بە ڕووداوەکانی لالەزار هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومیشەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت و لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە.

 

لێرەوە داوا دەکەین دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ/ سلێمانی هەرچی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و ڕێگەش بە کەسوکاری ئەوانە بدەن کە تا ئێستا سەردانیان نەکردوون و پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت کە تا ئێستا هەواڵیان نییە.

 

دەمانەوێت ئەوەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنین دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای بینینی ئارام قادر سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی کردبوو، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە.

 

دووپاتی ئەوە دەکەینەوە دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ چەسپاندنی یاسایە بەپێی ڕێکارە ڕێگەپێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکەین و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین و جەختیش لەسەر ڕۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە کارئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانمان بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاریکردووە وەک دەزگایەکی نیشتمانی سەربەخۆ.

 

لێرەدا بە هەموو خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە ڕاپۆرتێکی وردمان نووسیوە لەسەر ئەم کەیسە، لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چوار سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکوومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرین.

 

لە کۆتایدا داوا دەکەین کە لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنرێت بۆ لێکوڵینەوە و بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەم کەیسە، لە دەرەنجامەکانی خەڵکی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

٥/٩/٢٠٢٥

Exit mobile version