لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەم، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو بڕیاری پێوەست بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا خاوەنکارەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکرد.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کرێی دەرهێنانی نەوت کە بە ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت دیاریکراوە، لەبری ئەوەی بە پارەی کاش بە کۆمپانیاکان بدرێت، لە بەرانبەردا نەوتی خاویان پێدەدرێت و کۆمپانیاکان خۆیان نەوتەکە لە بازاڕەکاندا ساخ دەکەنەوە.
هاوکات، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی هەڵپەسێردراوی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، ڕێککەوتنەکە بۆ لیژنەی ڕاوێژکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەرز دەکرێتەوە و لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دەدات و دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

