Site icon Zed Press

ئەمریکا پشتگیری بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

کونسوڵی گشتی گرین بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی ٢٠٢٢.

 

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەم بڵاویکردەوە: “بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە بەرەوپێشچوونەکانی چاکسازی پێشمەرگەدا چوونەوە و لەسەر ھەنگاوەکانی داھاتوو ڕێککەوتن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ھەموو خاڵەکانی یاداشتەکە بە ئامانجی دروستکردنی ھێزێکی سەربازیی پیشەیی و یەکگرتوو”.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە: “ھەردوو لا دووبارە جەختیان لەسەر پابەندبوونیان کردەوە بە ھەوڵەکانی چاکسازی لە ھێزەکانی پێشمەرگەدا.”

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری ھەرێمی کوردستان دەکات کە ناوچەیەکی سەلامەت و پارێزراو و  گەشەسەندووتر دروست دەکەن بۆ ھەمووان”.

 

دوێنێ سێشەم، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک بە بەشداری شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکا و بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە: “لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، خرانە ڕوو”.

 

زیاتر دەڵێ: “هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و هەنگاوی هاوبەش بە ئاراستەی خێراکردنی پڕۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ کرا”.

Exit mobile version