Site icon Zed Press

ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بەڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ دووپات دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی پێوەست بە ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ڕێککەوتننامەکە گەڵاڵە بکرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە: تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵییش، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ڕێکاری پێویست بگرنە بەر” و زیاتر دەڵێ: “پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات”.

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران:

 

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

 

لە بڕگەی یەکەم، دواپێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی پەسەند کرا لەلایەن هەردوو لاوە.

 

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستە تەکنیکیانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەکانیان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.

 

ئینجا ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند کرا و ڕەوانەی بەغدا کرا.

 

بەپێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیریی لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات (جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناغەش لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێ قۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و وا چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم حەفتەیە، ئەو ڕێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت.

 

تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵییش، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ڕێکاری پێویست بگرنە بەر و پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرامبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات.

 

سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت، کە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆلێنی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدڕاڵی و هەرێمێیشی دەستنیشان کردووە وەک لە دوا یادداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵ کراوە.

 

دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی زیاتری گفتوگۆکانی ئەم دواییە و لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانیان خستەڕوو.

 

دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختی کردەوە کە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن.

 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێکارە داراییەکان لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەرێم وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر کراوە، لەمبارەیەوە کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو،  چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج و ڕێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کردووە.

 

ئەنجوومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات.

 

لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بدەن.

 

پاشان ئالان حەمە ساڵح وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

 

لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکان خوێندن کرد، و چەند پێشنیارێکیشی خستە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.

 

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆیی وەزارەتەکە، بە پشتیوانی حکومەت و ڕێکخراوە نیودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پشتیوانی کەرتی تایبەت،   بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان  وبە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ وکردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و ڕێکخستنەوەی میلاکات ئەنجام داوە.

 

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شکۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان ( کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران. داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا کە قوربانییانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.

Exit mobile version