مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە”.
ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. بەم هەنگاوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە”.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: “دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بەتایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم کە لەم ڕۆژە مێژوییەدا بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان هەڵگرت و بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە”.

