Site icon Zed Press

بەهۆی بارانبارینەوە کارەبای چەند گەڕەکێکی سلێمانی پچڕا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە، شۆرتی کارەبا لە چەند فیدەرێک ڕوویداوە و بەو هۆیەوە کارەبا لە چەند شوێن و گەڕەکی شارەکە پچڕاوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە زاری ئەندازیار غالب محەمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانییەوە ڕایگەیاند: “بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی شۆرت لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، ژمارەیەک فیدەری کارەبا لە ناو شار و دەرەوەی شار دەرناچێت، ژمارەیەک گەڕەک و شوێن کارەبایان نییە”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “ئێستا تیمی هۆبەکانی دابەشکردنی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکانن”.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارەبای سلێمانی، باسی لەوەش کردووە “ساڵانە لەگەڵ یەکەم بارانبارین ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە، کێشە تەکنیکییە نادیارەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا دەردەکەون و بەزوویی چارەسەر دەکرێن”.

لەگەڵ ئەو شەپۆلی بارانبارینەی لە شەوی ڕابردووەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پچڕانی کارەبا لە چەندین شار و ناوچەی جیاوازدا ڕوویداوە و هەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆشدا، کارەبا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر پچڕا.

Exit mobile version