دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق کۆتایی بە کارەکانی پەرلەمان هێنا و حکوومەتی ئێستای عێراقیشی وەک حکوومەتی کاربەڕێکەر ناساند.
ئەمڕۆ دووشەم، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان هێنا و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی ئێستای عێراق حکوومەتێکی کاربەڕێکەڕە، تا پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، لەو ماوەیەدا پەرلەمانی عێراق ناتوانێت هیچ یاسایەک دەربکات و ئەوەیش پێوەندی بە حکوومەتەوە هەبێت، تەنیا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی دەبێت، لەناویاندا دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان، بەڵام حکوومەت دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری گەورە و واژۆکردنی گرێبەستی ستراتیژی نابێت.

