دوو گوتاربێژی ئایینی لە سلێمانی و گەرمیان بە تۆمەتی هێرش و سووکایەتی بەرانبەر شەڕڤانان و پەسندانی سوپای عەرەبیی سووریا دەستگیرکران. بەگوتەی بەرپرسانی ئەوقاف، هەردوو مامۆستاکە لە ئاسایشی سلێمانی ڕاگیراون.
هەینی ڕابردوو، لەکاتی پێشکەشکردنی گوتاری هەینی لە مزگەوتی بەختەوەری لە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی دایک لە کەلار، نوێژکەرانی هەردوو مزگەوتەکە گوتاربێژە ئایینییەکانیان بە هێرش بۆسەر شەڕڤانانی ڕۆژاڤا و پەسندانی ڕژێمی سووریا و سوپای عەرەبیی وڵاتەکە تۆمەتبار کرد، نیگەرانی و ناڕەزایەتی نوێژکەران گرژی لەناو مزگەوتەکاندا دروست کرد و دواتر هەردوو گوتاربێژەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کران.
هەڤاڵ فارس گوتاربێژی مزگەوتی بەختەوەری لە سلێمانی، دوای دەستگیرکردنی و گواستنەوەی بۆ ئاسایش، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە قسە و دەستەواژەی نەشیاوی بەرانبەر بە کوردانی ڕۆژاڤا بەکارهێناوە و لەبەرئەوە لەلایەن ئاسایشەوە ڕاگیراوە.
هاوکات، شێرکۆ کەریم پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی دایک لە کەلار بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرا و ئەویش لە ئاسایشی گەرمیان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
دەستگیرکردنی هەردوو مەلا و گوتاربێژە ئایینییەکە دوای ئەوە دێت، ماوەی چەند هەفتەیەکە میلیشیاکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا دەستیان بە هێرشێکی توندی چەکداری بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب کردووە و لە ئەنجامی بۆردمان و کشتوبڕێکدا چەندین هاووڵاتی سڤیلیان شەهید کردووە و هەزاران کوردی دانیشتووی هەردوو گەڕەکەکەیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.
هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی سووریا بۆ سەر هێزە کوردییەکان و ناوچەکانی ڕۆژاڤای کوردستان کاردانەوەی سەرتاسەری لە پارچەکانی کوردستان دروست کردووە. لەو نێوەندەدا چەند مەلا و گوتاربێژێکی ئایینی، هەوڵیانداوە پاکانە بۆ ڕژێمی عەرەبیی سووریا و گرووپە میلیشیا دەستدرێژیکارەکانی بۆ سەر کورد بکەن، بەڵام هەرزوو لەلایەن کوردانەوە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە و ناڕەزایەتی بوونەتەوە و هەندێکیشیان سکاڵای یاساییان لەدژ تۆمار کراوە.
دەستگیرکردنی ئەو دوو گوتاربێژە بە تۆمەتی قسەکردن دژی شەڕڤانان و پەسندانی سوپای عەرەبیی سووریا لەکاتێکدایە، 6ی ئەم مانگە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب و تاوەکو ئەمڕۆ ئاڵۆزییەکان لەو ناوچانە بەردەوامە و بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کورد، دەیان هەزار هاونیشتمانیش ئاوارەبوون.

