مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ناوچە مەدەنییەکان و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەکات و دەڵێت: قبوڵکراو نییە.
ئەمڕۆ یەکشەم، ٥ی نیسانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا و لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند،: “بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە قێزەونانەی میلیشیا تیرۆریستەکان دەکەم کە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ناوچە مەدەنییەکانیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: “ئەم دەستدرێژییە ئەنقەستانە هەڕەشەیەکی جددی و مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بەگشتی. ئەمە کارێکی قبووڵنەکراوە.”
هاوکات مەسرور بارزانی دەشڵێ: “جارێکی دیکە بە ڕاشکاوی داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا دەکەم کە هەنگاوی دەستبەجێ، یەکلاکەرەوە و کردەیی دژی ئەم گرووپە چەکدار و میلیشیا لە یاسا دەرچووانە بنێت.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵی دەزانێت، هەموو تواناکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن “لەم هێرشە تیرۆریستییانە و پەلکێشکردنی بەرپرسانی ئەم هێرشانە بۆ بەردەم دادگا.”
لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. بەهۆی هێرشەکانیشەوە ١٤ شەهید و دەیان بریندار و زیانی مادیی زۆریش کەوتووەتەوە.

