Site icon Zed Press

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی تووندی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاوسەر لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕایدەگەیەنێت، “ئه‌م هێرشانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵکراو نین و به‌ ته‌واوی ڕه‌تکراوه‌ن”.

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەم ٧ی نیسانی ٢٠٢٦ لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تيرۆرستييه‌ ده‌كه‌م كه‌ دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو به‌ درۆن كرايه‌ سه‌ر ماڵی هاووڵاتیيه‌ك لە گوندى زه‌رگه‌زه‌ويى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامدا زۆر به‌داخه‌وه‌ دوو هاوسه‌ر شه‌هيد بوون”.

 

پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، کە کاتژمێر ١٢:١٥ خوولەکی شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گوندی زەرگەزەوی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هاوسەر بەناوەکانی مووسا ئەنوەر تەمەن ٣٩ ساڵ و موژدە ئەسعەد تەمەن ٣٥ ساڵ شەهید بوون.

ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە، لە ئێرانەوە ئاڕاستە کراوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “ئه‌م هێرشانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵکراو نین و به‌ ته‌واوی ڕه‌تکراوه‌ن”.

 

زیاتر دەڵێ: “پێويسته‌ حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق ئه‌رك و بەرپرسیاريه‌تیی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگريكردن له‌م تاوان و هێرشه‌ تيرۆرستييانه‌ و چیتر ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر خەڵکی سڤيل و بێتاوانى هەرێمی کوردستان دووبارە نەبنەوە”.

 

لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفرەوانی مووشەکی و درۆنی کراوەتەوە، زیاتر لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و ١٦ هاووڵاتیش شەهید بوون.

Exit mobile version