بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران. ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە”.
زیاتر دەڵێ: “شەهیدبوونی ئەو دوو هاووڵاتییە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی داوە: “شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نییە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە”.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفرەوانی مووشەکی و درۆنی کراوەتەوە، زیاتر لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و ١٦ هاووڵاتیش شەهید بوون.

