فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر لێدوان و هەڕەشەکانی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی لە سلێمانی، نامەیەکی ناڕەزایەتی و نیگەرانییان بە کونسوڵگەریی گشتیی ئێران لە هەولێر گەیاندووە.
فەرمانگەیەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێ: “ئەمڕۆ سێشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، لەسەر لێدوان و هەڕەشەکانی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی لە سلێمانی بەرامبەر بە خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نامەیەکی ناڕەزایی و نیگەرانیی گەیاندە کونسوڵگەریی گشتیی ئێران لە هەولێر”.
دوو ڕۆژی ڕابردوو، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە ناوی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بە ڕاشکاوی هەڕەشەی لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و وەک پاکانەیش بۆ هەڵوێستەکەیان ڕایگەیاند، هێرشەکانیان بە مانای دژایەتی هەرێمی کوردستان نییە.
لە ئەنجامی هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، تا ئێستا چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتییانی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.

