ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان کرایەوە و گەشتەکان دەست پێدەکەنەوە.
پاش زیاتر لە مانگێک لە هەڵگیرسانی شەڕ و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمڕۆ چوارشەم، ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، کرانەوەی ئاسمان بە ڕووی هێڵەکانی فڕۆکەوانی ڕاگەیەندرا.
دیلان ڕەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای نزیکەی پێنج هەفتە لە وەستان، ئێستا هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (هەولێر و جەلال تاڵەبانی) خەریکی ئامادەکارین بۆ ڕێکخستنەوەی خشتەی گەشتی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی و بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە ٧٢ کاژمێردا فڕۆکەخانەکان لە هەرێم ئامادە بن بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی .
دەستکردنەوە بە گەشتە ئاسمانییەکان، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی دێت لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

