Site icon Zed Press

سوپای ئیسرائیل بە چڕی هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان

سوپای ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان و وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەیش ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٥٦ کەس کوژراون.

 

ئێواری ڕۆژی چوارشەم، ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، سوپای ئیسرائیل دەستی بە هێرشێکی چڕ کرد بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری لوبنان. لە کاردانەوەی هێرشەکاندا ئێران جارێکی دیکە گەرووی هورمزی داخستەوە، پاش کەمتر لە یەک ڕۆژ لە کرانەوەی گەرووەکە بە ڕووی کەشتییە بارهەڵگرەکان و لە دوای ئەو ئاگربەستە کاتییەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیەنرا.

 

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، لانیکەم ٢٥٦ کەس کوژراون و بە هەزار کەسیش بریندار بوون.

 

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کرد، لوبنان بە هیچ شێوەیەک بەشێک لە ئاگربەستەکە ناگرێتەوە، بەڵکو ئاگربەستەکە تەنیا پێوەستە بە ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران، لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردەوە، یەکێک لە پێشنیازەکانیان بۆ ئاگربەست و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر حزبوڵڵایە لە لوبنان.

 

لە کاردانەوەی هێرشەکاندا، ئێران بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی دا، ئەوەش وەک مەترسییەکی جدی لەسەر بەرەوپێشڤەچوونی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لێکدەدرێتەوە، کە بڕیارە سبەی هەینی لە پاکستان کۆببنەوە.

 

 

Exit mobile version