سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زێدپرێسی گوت، چاوەڕوانن تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری و دوای گەیشتنی پارەکە، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
بڕیاردان لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران، تەیف سامی وەزیری دارایی ڕاسپارد بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، دوێنی چوارشەم، ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ٤٣ ملیار و ٩٤ ملیۆن و ١٤١ هەزار دیناری لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی سێی ٢٠٢٦، بەشێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق لە ڕێگەی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراقەوە.

