جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دوای جێهێشتنی پاکستان بە میدیاکارانی ڕاگەیاند: چەندین گفتوگۆی جدی و بنەڕەتییان لەگەڵ شاندی ئێران هەبووە و “هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک”.
زیاتر گوتی: “پێم وایە ئەوە بۆ ئێران هەواڵێکی خراپترە وەک لەوەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت. بۆیە بەبێ ئەوەی بگەینە هیچ ڕێککەوتنێک، دەگەڕێینەوە بۆ ئەمریکا”.
جێگرەکەی دۆناڵد ترەمپ، گوتیشی: “ئێمە زۆر بە ڕوونی هێڵە سوورەکانمان دیاری کرد؛ ئاماژەمان بەوە کرد لە چ شتێک نەرمی دەنوێنین و لە چ شتێکدا سازش ناکەین. هەموو شتێکمان تاوەکو ئەو ئاستەی کرا، بە ڕوونی باس کرد، بەڵام ئەوان بڕیاریاندا مەرجەکانمان قبووڵ نەکەن”.
جەی دی ڤانس، ئاشکرای کرد، لەماوەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی ئێران، بەردەوام لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و لەوانەیە شەش بۆ ١٢ جار پەیوەندییان کردبێت”. ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی، وەک خۆی گوتی: “چونکە بە نیەتێکی باش خەریکی دانوستان بووین”.
گوتیشی: “ئێستا ئێمە بەرەو پێشکەشکردنی پێشنیازێکی زۆر سادە دەچن؛ لێکتێگەیشتنێک، کە دوایین و باشترین پێشنیازی ئێمەیە، دەبینین ئایا ئێرانییەکان قبووڵی دەکەن یان نا”.
هەر دوا بە دوای گەڕانەوەی هەردوو شاندەکە، جارێکی دیکە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخرایەوە.
گفتوگۆی هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران دوێنێ هەینی لە ئیسلامئابادی پاکستان دەستی پێکرد و ٢١ کاتژمێری خایاند.
لای خۆیەوە، عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ میدیاکان گوتی: “ئێمە لە ڕەفتارەکانی ئەمریکا نائومێدین”.
عێراقچی، ئاماژەی بە پەیوەندییەکی تەلەفونی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکی ئیسرائیل کرد لەگەڵ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەو کاتەی شاندی هەردوو وڵات لەناو کۆبوونەوەدا بوون و گوتی: “پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نەتانیاهۆ بۆ جەى دى ڤانس لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، سەرنجی لەسەر دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گۆڕی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل”.
ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەمریکا هەوڵیدا لەسەر مێزی دانوستان ئەو شتە بەدەستبهێنێت کە نەیتوانی لە ڕێگەی شەڕەوە بەدەستی بهێنێت. ئێمە پابەندین و ئامادەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەری نەتەوەکەمان”.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی جەی دی ڤانسیش، گوتی:” ئێمە بە نیەتێکی باشەوە هاتینە ئێرە، ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەی ڤانس پێش جێهێشتنی پاکستان ئەنجامیدا پێویست نەبوو”.

