لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوون بەسەر سی و هەشتەمین ساڵیادی پڕۆسەی ئەنفال، ئەمڕۆ ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان”.
زیاتر گوتی: “ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیيانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە”.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ: “لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتيی ئەخلاقی و دەستووريی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە”.
سی و هەشت ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت. لەو پڕۆسەیەدا دەیان هەزار لە ژن و پیاو، گەورە و بچووک کۆمەڵکوژکراون و هەزاران گوند و شارۆچکە و شارەدێی کوردستانیش وێران کران.
سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی نوێ لە عێراقی دوای ٢٠٠٣دا، هێشتا دەوڵەت/ حکوومەتی عێراق، وەک میراتگری حکوومەتەکانی پێشوو، بە فەرمی تەنانەت داوای لێبوردنی لە گەلی کوردستان نەکردووە بەرانبەر هەموو ئەو تاوانە مرۆیی، تاوانەکانی دژە جەنگ، کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی بەسەر گەلی کوردستانیدا هێناوە.

