بەگوێرەی میدیاکانی پارتی، ڕێککەوتنەکە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، محەمەد حەلبووسی، قەیس خەزعەلی و ڕەیان کلدانی کراوە و بڕیاردراوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە بەرژەوەندیی پێکهاتەی تورکمان و سووننە ئاڵوگۆڕ بکرێت”.
ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک بووە کە لە بەرانبەر دەنگدانی ئەو لایەنانە بە نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سازش لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکات و ئەم هەنگاوەیش بە نێوانگیریی محەمەد حەلبووسی بووە و لەو ڕوانگەیەشەوە میدیاکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان گوتوویانە: “ئامانجی نزیکبوونەوەی یەکێتییە لە تورکیا، لە بەرامبەریشدا هەردوو ئەندامە تورکمانەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان بە کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار داوە”.
ئاماژە بەوەش کراوە، یەکێتی لە بەرانبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی پارێزگار، داوای پۆستەکانی جێگری پارێزگار، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و قایمقامیەتی قەزاکانی دووبز و داقوقی کردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
دەگوترێت، بڕیار وایە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشێوەیەک پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی حەوت مانگ ڕادەستی تورکمان بکرێت و دوای ئەو ماوەیەش بدرێت بە عەرەبی سووننە، تاوەکو کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ ئەو هەواڵ و زانیارییانە نەداوە.

