وەزارەتەکە، ئەمڕۆ سێشەم، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆ جاری دووەمە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. ڕۆژی سێشەم ڕێکەوتی ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، لە چەند کاتێکی جیاوازدا، بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایەوە سەر هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە “بەشێک نەبووە لە شەڕ” و داواش دەکات “چیتر سەقامگیری کوردستان و ئارامی هاووڵاتیان نەکرێنە ئامانج”.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە دێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری هەولێر و سلێمانی و لە ئەنجامێکی یەکێک لە هێرشەکانیشدا سێ پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ئۆردوگایەکی سنووری سوورداش بریندار بوون.
شەوی پێنجشەمی ڕابردوو، ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، لە چەند کاتێکی جیاوازدا، چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر چەند شوێنێکی جیاوازی هەرێمی کوردستان و ئەوکات وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: “خۆشبەختانە تێکشکێنران و خرانە خوارەوە”.
لە ڕاگەیەندراوی ئەوکاتدا، وەزارەتی ناوخۆ پێداگیری لەسەر هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبووەوە، کە “لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن بووە لە ئاشتی و سەقامگیری، و هەرگیز بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژییەکان”.
وەزارەتەکە ئەوەشی گوت “لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەداخەوە تیرۆریستان و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایەت، لە نانەوەی پشێوی بەردەوامن”.
لەماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیاتر لە ٦٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران کرانە سەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەیشدا ١٦ کەس شەهید بوون و دەیانی دیکەیش بریندار بوون.

