Site icon Zed Press

نەخۆشخانەی بەخشین ئامادە نەبووە چارەسەری بۆ پێشمەرگە بریندارەکەی کۆمەڵە بکات

نەخۆشخانەی تایبەتی بەخشین لە شاری سلێمانی، ئامادە نەبووە چارەسەری پزیشکی پێشکەش بە غەزەل مەولان پێشمەرگە بریندارەکەی کۆمەڵە بکات و ئەوەش بە هۆکاری گیانلەدەستدانی دادەنرێت.

 

ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، چوار پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئوردوگایەکی حزبەکە لە سوورداش، بریندار بوون.

 

یەکێک لەو بریندارانە، بەناوی غەزەل مەولان، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بوو. پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش و پێشکەشکردنی چارەسەرییە سەرەتاییەکان، بەمەبەستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی وەک MRI و ICU کە نەخۆشخانەی شۆڕش توانای دابینکردنی نەبووە، هاوڕێکانی، هەوڵدەدەن غەزەل بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بگوازنەوە، یەکێک لە هاوڕێکانی ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەمجار پەیوەندییان بە نەخۆشخانەی ئاسیاوە کردووە و ئەوان وەرگرتن و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکەیان ڕەت کردووەتەوە، دواتر پەیوەندییان بە نەخۆشخانەی بەخشینەوە کردووە، ئەوان سەرەتا وەرگرتن و چارەسەرکردنی بریندارەکەیان قبووڵ کردووە، بەڵام کاتێک دەزانن کەیسەکە پەیوەندی بە “هێرشێکی درۆنی و بابەتی سیاسییەوە هەیە”، چارەسەرکردنی بریندارەکە ڕەت دەکەنەوە. ئەوە لەکاتێکدا بووە کە پێشمەرگە بریندارەکە گەیەنراوەتە ناو نەخۆشخانەکە و بەو هۆیەوەش دەمەقاڵی لە نێوان هاوڕێکانی غەزەل و تیمی نەخۆشخانەکە دروست بووە.

 

پاش ئەوەی هاوڕێکانی غەزەل نائومێد دەبن لە وەرگرتن و چارەسەرکردنی بریندارەکە، لە نەخۆشخانەی بەخشین، پەیوەندی بە چەند نەخۆشخانەیەکی دیکەی تایبەتەوە دەکەن، بەڵام ئەوانیش وەرگرتن و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکە ڕەت دەکەنەوە، دواجار نەخۆشخانەی فارووق ئامادەیی نیشان دەدات بۆ وەرگرتن و چارەسەرکردنی بریندارەکە و دوای گەیاندنی بەو نەخۆشخانەیە و وەرگرتنی، بە ماوەیەکی کەم لەلایەن پزیشکی ئێشکگرەوە گیانلەدەستدانی غەزەل مەولان ڕادەگەیەنرێت.

 

ئاشکرابوونی دۆسیەکەی نەخۆشخانەی بەخشین، ناڕەزایەتی توندی لە ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و کەمپێنێک بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕاگەیەنراوە.

Exit mobile version