مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی تووندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامبوونی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕەکە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیانگەیاندنی زیاتر بە ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە، ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین کە هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەر بەردەوام بوون”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ: “سەرەڕای ئاگربەست و دانوستانەکان، کەچی بەهۆی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژانە، پێنج کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان”.
دووپاتیشی کردووەتەوە: “پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ ڕێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی کوردستان و ژێرخانی وزە ، لەم هەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن.”

