لە تێکهەڵچوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی پیرانشاردا شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون.
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کە شەوی چوارشەمی ڕابردوو، لە گوندی قزقەپان لە سێ کیلۆمیتری شاری پیرانشار ڕووی دا، شەش پێشمەرگە بە ناوەکانی کارۆ هۆرمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی شەهید بوون. ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان لە کاتێکدا بۆ ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی ڕاسپێردرابوون، کەوتوونەتە کەمینی هێزێکی زۆر و کۆک و پۆشتەی سوپای پاسداران.
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ: “خوێنی گەشی ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکانی شار کە لە ناوچەی پیرانشار لە پێناو ئازادیدا تێکەڵ بە خاکی نیشتمان بوو، هەوێنی سەرکەوتنی دواجاری خەباتی حیزب و نەتەوەکەمان بەسەر دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامییە. هاوکات پەنابردنی ڕێژیم بۆ سەرکوت و تێرۆر و تۆقاندن، تەنیا نیشانەی زەبوونی، داماویی زیاتر و پەلەقاژەی کۆتایی سیستمێکە کە لە لێواری ڕووخان دایە و لە ترسی تۆڵەی ڕۆڵەکانی نەتەوە، دەستی بۆ تاوانی قێزەون بردووە.”

