Site icon Zed Press

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دابینکردنی پشکی هەرێم لە نەوتی سپی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ ڕەزامەندیی لەسەر دابینکردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانی شارەکانەوە بە میکانیزمێکی گونجاو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. پرۆسەی دابەشکردنەکە بە هەمان نرخی دابینکراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئیتحادی دەبێت، کە بریتییە لە ٢٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک.

سەبارەت بە ڕێژەی تێربوونی پێداویستییەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕوونکردنەوەی داوە کە ئەم ٥٠ ملیۆن لیترەی دابینکراوە، تەنیا ١٨٪ی پێداویستیی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٢٦٨,٧١٠,٦٠٠ لیتر نەوت هەیە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک تەنیا پشکی ٢٠٠ لیتر دیاری بکرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردووەتەوە کە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەسەر هێڵ دەمێنێتەوە بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی گواستنەوەی ئەم بڕە و هەوڵدان بۆ زیادکردنی پشکەکە، تاوەکو لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بگونجێت.

Exit mobile version