مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی فەرمی پیرۆزبایی بەبۆنەی کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: “پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئەندام پەرلەمانە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر و چاونەترس و خەمخۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ پارێزگاریکردن لە شەرعیەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، تیشکی خستە سەر بەهای یاسایی و مێژوویی ئەو هەنگاوە و گوتی: “بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران و ئەم هەنگاوە، سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە. کاراکردنەوەی پەرلەمان، پابەندبوون و پێگیریکردنە بە جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسی.”
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی هیوای خۆی بۆ یەکڕیزیی فراکسیۆنەکان نیشان دا و ڕایگەیاند: “هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەندام پەرلەمانەکانی تریش، بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن و ئەرکی نیشتمانی و شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی و متمانەی دەنگدەرانیان بن.” لە کۆتایی پەیامەکەشدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای گەڕانەوەی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی بۆ مێزی گفتوگۆ کرد و گوتی: “هەر لێرەشدا داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم، لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە، خزمەتێکی شایستەتری گەل و نیشتمانمان بکەین و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین.”

