حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ بەدواداچوونی کەشی نائاسایی ئەمشەوی شاری هەولێر و دەوروبەری بە هۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە هەندێک گەڕەک، سەرۆکی حکوومەت پەیوەندی بە پارێزگاری شارەکەوە کردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: “بۆ بەدواداچوونی کەشی نائاسایی ئەمشەوی شاری هەولێر و دەوروبەری بە هۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە هەندێک گەڕەک، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دۆخی شاری هەولێر و دوروبەری پرسی و سوپاسی تیمە جۆراوجۆرەکانی کرد بۆ بەهاناوەجوونی هاووڵاتیان و زیانلێکەوتووان”.
زیاتر هاتووە: “سەرۆکی حکومەت، پارێزگاری هەولێریشی ڕاسپارد، هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ فریاکەوتنی خەڵک و پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان”.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لافاوێکی بەهێز بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی شاری هەولێری گرتووەتەوە و جگە لە زیانێکی گەورەی مادی، لانیکەم خنکان و گیان لەدەستدانی منداڵێک پشتڕاست کراوەتەوە.

