زێدپرێس
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٣، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە حکوومەتی هەرێم، بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، شاندەکە سبەی دووشەم ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەکەن و بەشێک لە کۆبوونەوەکان تایبەت دەبن بە بابەتی وردبینیکردن لە داتا و ئامارەکانی پێوەست بە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، بەڕێوەبەری گشتی بودجە و بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم کوردستان ئەندامی شاندەکەن.
سەرچاوەکەی زێدپرێس باسی لەوەش کرد، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت و وەزارەتی دارایی عێراق، باس لە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق دەکەن. تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پێوەست دەبن بە شایستە داراییەکانی هەرێم و چۆنیەتی ڕەوانەکردنی بۆ هەرێمی کوردستان.
سەردانی شاندەکەی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، لەکاتێکدایە، کە لە ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٣، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدڕاڵی عێراق تانەی لە مادەکانی (٢، ١١، ١٢، ١٣)ی بودجەی گشتی عێراق داوە، کە تایبەتن بە پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
نیگەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە حوزەیرانی ئەمساڵ و لەکاتی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستکاری ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بودجە کرا، بەپێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر لە نێوان هەردوو حکوومەتی کوردستان و عێراق لەمەڕ دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق کرا بوو.
دوایین یاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵە، کە ساڵانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥) دەگرێتەوە.