زێدپرێس
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر، بە دوو مادەی یاسایی، سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر شێروان شێروانی سەپاند.
دوابەدوای دەرکردنی بڕیاری دادگە، تیمی پارێزەران و کەسوکاری شێروان شێروانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم دادگەی هەولێر، بەتوندی نیگەرانی و ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە بڕیاری دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە یاسا سەروەر نییە و دەستێوەردانی سیاسی لە بڕیاری دادگەدا هەیە.
تیمی پارێزەران ڕوونیان کردەوە، شێروان شێروانی بە هەردوو مادەی ٢٩٥ و ٢٩٨ لە یاسای سزادان سزا دراوە، کە سزای یەکەمیان دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن و سزای دووەمیشیان ساڵێک و شەش مانگ زیندانییە. بەهەردوو سزاکە ماوەی چوار ساڵ سزای زیندانی بەسەر شێروانیدا سەپێنرایەوە.
تیمی پارێزەران و کەسوکاری شێروانی، هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆدا، ئاماژەیان بەوە کردەوە، کە دادگە لەژێر فشاری سیاسی و کەسیدایە و ئەو سزایەی بەسەر ناوبراودا سەپێنراوە، بەپێی بڕیاری پێشوەختە، نەک بەڕەچاوکردنی یاسا.

