زێدپرێس
ئەمڕۆ شەمە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پەیامی بەخێرهاتنی پاتریاک لویس ساکۆ بۆ هەولێر ڕاگەیاند “بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز قەداسەتی پاتریاک لویس ساکۆ دەکەین بۆ هەولێر، پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەکان”.
بارزانی هەروەها نووسیویەتی “کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کریستیانەکان. بە تووندی سەرکۆنەی ئەو مامەڵە نەشیاوەی بەرانبەر بە بەڕێزیان کراوە دەکەین”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێ “هیوادارین یەکترقبوڵکردن و ئاشتی و سەقامگیری، جێی ڕق و کینە و تاکڕەوی بگرێتەوە، تاکوو هەموو نەتەوە و پەیڕەوانی گشت ئایینەکان بتوانن بە ئاسودەیی لە عێراقدا بژین”.
پەیامەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە دێت، شەوی ڕابردوو ٢١/٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٣، کاردیناڵ لویس ساکۆ مەرجەعی کلدانەکانی عێراق و جیهان، گەیشتە شاری هەولێر و بڕیاری دا لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە.
لە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٣، لویس ساکۆ ڕاگەیەنراوێکی توندی لەدژی سەرۆک کۆماری عێراق و ڕەیان کلدانی سەرۆکی کەتایبەکانی بابلیۆنی سەر بە حەشدی شەعبی بڵاو کردەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق ئەو مەرسومە کۆمارەی کشاندەوە، کە پێشتر و لەسەروەختی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن مام جەلالەوە بۆ لویس ساکۆ دەرکرا بوو. هەر ئەوکات، لویس ساکۆ ڕای گەیاند، ناگەڕێتەوە بەغدا و لە یەکێک لە کەنیسەکانی هەرێمی کوردستان دادەنیشێت.
شەوی ڕابردوو، لەگەڵ گەیشتنی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لویس ساکۆ ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، چونکە ڕێز لە پێکهاتەکان دەگرێت.