Site icon Zed Press

وەزیری دارایی: پرسیاری مووچە لە بەغدا بکەن

Zed Press News زێدپرێس هه‌واڵ ئاوات شێخ جه‌ناب: لەمەودوا، دەبێت پرسیاری مووچە لە بەغدا بکرێت، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی پێوەست بە یاسای بودجەوه‌ جێبەجێکردووە

زێدپرێس

 

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ لەمەودوا، دەبێت پرسیاری مووچە لە بەغدا بکرێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی پێوەست بە یاسای بودجەی عێراقی جێبەجێکردووە و ناشتوانێت بەڕێگەی داهاتی ناوخۆوە، مووچە دابین بکات.

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕای گەیاند، هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندبوونەکانی پێوەست بە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵی جێبەجێ کردووە و لەمەودوا دەبێت پرسیاری دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بکرێت.

ئەو گوتانەی وەزیری دارایی و ئابووری لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، بەبۆنەی کردنەوەی مەرزی تیلەکۆ لە سنووری گەرمیان هات.

لەبارەی ناردنی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، ڕوونیکردەوە، ئەمڕۆ جارێکی دی شاندی حکوومەتی هەرێم چووەتەوە بۆ بەغدا، لەلایەنی حکوومەتی هەرێمەوە هەموو ئەو داخوازییانەی لەسەر هەرێم هەبووە، بە وردەکارییەوە جێبەجێ کراوە، نەک لە ئێستاوە، بەڵکوو لە پێشترەوە ئامادەکراون، بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دی لەگەڵ بەغدا بکرێت و ئومێدەوارین ئەنجامەکانی بەدڵی هەمووان بێت.

ئاوات شێخ جەناب زیاتر ڕوونیکردەوە، لەمەڕ حکوومەتی هەرێمەوە، هیچ بیانوویەک نەماوە لە ئێمەی بگرن، ڕاستییەکیش هەیە پێویستە بگوترێت، ئەو شتانەی لە ئێمە داوا دەکرێت، پێمان وا نییە هیچی لای خۆیان جێبەجێکرابێت، بەڵام لەمەڕ هەرێمەوە هەم داواکارییە و هەرێمیش زۆر بە شەفافی بۆی جێبەجێ کردوون.

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم پاتەی کردەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ەوە حکوومەتی بەغدا گەمارۆیەکی لەسەر هەرێم داناوە، ئومێدەوارین ئەم گەمارۆیە لەمدواییە تەواو ببێت.

لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە، گوتی، داهاتی ناوخۆ بەشی دابینکردنی مووچە ناکات، لەکاتێکدا چەندین مانگە نەوت ناڕوات و بەپێی یاسای بودجەیش بێت، دەبێت ٥٠٪ی داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکرێت، هەرچەند بەغدا لەم دواییە، داوای لە ١٠٠٪ی داهات دەکات، کە هەرێم داهاتی جارانی نەما، ناتوانێت مووچە دابین بکات، ئێمە زووتریش لە وەزارەتی دارایی ڕامانگەیاندووە، بابەتی مووچە و پرسیارکردن لە مووچە، پێویستە لەمەودوا ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.

Exit mobile version