زێدپرێس
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەم ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، د. عەبدولەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری کۆمار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی دادگای باڵا لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبوونەتەوە، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گشتی و کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە یاسای بودجەی فیدراڵی و پێویستی تەواوکردنی ڕێنماییەکان و بەدواداچوونی پڕۆژەکان و کوالێتییان و خەرجکردنی بەپێی ئەولەویەت و بەگوێرەی بەرنامەی حکوومەت کرا. سەبارەت بە هەرێم، کۆبوونەوەکە پاتەی جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی کردەوە، بە هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و باجەوە.
هەر چوار سەرۆکەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لەسەر بەرنامەی حکوومەت و ئەو خاڵانە کردووەتەوە، کە لە کارنامەی ڕێککەوتنی سیاسی و لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە پەسەندکراوە، لەناویاندا یاسای لێبوردنی گشتی، یاسای نەوت و گاز و یاسای ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، جگە لە کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای دیکە.

