زێدپرێس
لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراو و هەڵبژاردنەکە لە ڕێککەوتی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤دا بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەم ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٣، سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێککەوتی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشانکراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، وادەی هەڵبژاردنەکە لە ٢٥ی شوباتدا بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، هەر ئەمڕۆ چوارشەم، شاندی ڕاسپێردراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە پێوەندیکردن و سەردانیکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەمەبەستی پێڕاگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوودا.
ڕۆژی ١٠ی تەموزی ٢٠٢٣، بە نووسراوێکی فەرمی، سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان داوای كرد، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادهیی پیشان بدات بۆ سهرپهرشتیكردنی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان.
هەر لەو نووسراوەدا و بە ئاماژهدان به فهرمانی ههرێمیی ژماره (٩٠) له ٢٠٢٣/٣/٢٦، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بوو ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بهڕێوه بچێت، بۆ ئهو مهبهستهش داوای كردووه كۆمیسۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنی عێراق ئامادهیی نیشان بدات بۆ سهرپهرشتیكردنی ههڵبژاردن له ڕێککەوتی دیاریكراودا، یانیش لهگهڵ ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی عێراق له ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا.
لە ڕێککەوتی ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی و بە ئیمزای عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمسیاران، کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کراوە، پێشنیاز دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوە بچێت یان لە ڕێککەوتێکی دواتردا. لە نووسراوەکەدا، کۆمسیۆن بەربەست و ئاستەنگەکانی ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی دوو هەڵبژاردن لە یەککاتدا ڕوون دەکاتەوە، کە ناتوانن لە یەککاتدا سەرپەرشتی دوو هەڵبژاردن بکەن، وەک وەڵامێک بۆ نووسراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم کە داوای کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یەککاتدا بکرێن.
بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق، لە ٣٠ی ئایاری ئەمساڵ، کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی لەقەڵەم دا، هەرێمی کوردستان کەوتە بۆشایی یاساییەوە و پەرلەمانی کوردستان کارەکانی ڕاگرت.