Zed Press

کچێک بە قوفڵ و زنجیر بەستراوەتەوە و پۆلیس ڕزگاری دەکات

زێدپرێس-کەرکووک

 

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، بە هانای کچێکەوە دەچن، کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بە زنجیر لە ماڵەکەیدا بەستراوەتەوە و ڕزگاری دەکەن.

 

ئەمرۆ پێنجشەم ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای کرد، کە کچێکیان ڕزگار کردوو، کە لەلایەن باوکییەوە و بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، لە ماڵەکەیدا بە زنجیر بەستراوەتەوە.

بەپێی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، لیوا کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنی ئەو ژنەی کردووە.

پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ئاماژەی بەوەش کرد، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک و پۆلیسی کۆمەڵگایی، دەستێوەردان دەکات لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، وەک دۆخێکی مرۆیی و داوایش لە دایک و باوک و هاوسەرەکان دەکات، بە سۆزەوە مامەڵە بکەن و زیاتر دەڵێ “بەهێزکردنی ژنان، بەهێزکردنی کۆمەڵگایە”.

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، زانیارییەکی دیکەی لەسەر کچە زنجیرکراوەکە ئاشکرا نەکرد، جگە لەوەی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە و لەلایەن باوکییەوە، بە زنجیر بەستراوەتەوە و پاش ئەوەی پۆلیس بە بابەتەکەیان زانیوە، بەهانای کچەکەوە چوون و دوای گەیاندنی بە بارەگای فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، زنجیری قاچەکانی شکێنراوە.

 

Exit mobile version