زێدپرێس
گەنجێکی شوانکارە، لە دەڤەری برادۆستی سنوری پارێزگای هەولێر، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار بوو. ئەوە شەشەمین ڕووداوی لەو شێوەیە، لە ماوەی ئەمساڵدا.
ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، گەنجێکی تەمەن ١٦ ساڵان، لە کوێستانەکانی (سەروکە)ی دەڤەری برادۆست، سەر بە قەزای سیدەکانی سنوری پارێزگای هەولێر، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە، بە سەختی بریندار بوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر، ڕای گەیاند، گەنجەکە بەناوی (س. ن. ێ) پیشەی شوانکارە و ئەمڕۆ هەینی مینی پێدا تەقیوەتەوە.
بەپێی دواین ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر، ئەوە شەشەمین ڕووداوی تەقینەوەی مینە، کە لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمار بکرێت، کە تیایدا دوو هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و چوار هاووڵاتیش کەمئەندام بوون.