زێدپرێس
پاڵپشت بە نووسراوی ژمارە ١٢٩٣٩ی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم، کە لە ڕێککەوتی ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣ و بە ئیمزای شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەرچووە، بڕیار لەسەر کڕینی خانوویەک بە بەهای یەک ملیار و ٢٧٨ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار دینار بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان کراوە.
نووسراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و لەو ڕوانگەیەوە تیایدا هاتووە، کە بڕیارداوە بە ڕاکێشانی بڕی یەک ملیار و ٢٧٨ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار دینار لە حیسابی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەرێم و دانانی لە حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە لە بانکی منارە، بەمەبەستی کڕینی دوو خانوو لە فیوچەر سیتی بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.
خەرجکردنی ئەو پارە زۆرە بەمەبەستی کڕینی خانوو بۆ بەرپرسێکی حکوومەت، لەکاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە و خەرجی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان بە تەواوەتی سست و کەم کراونەتەوە.