زێدپرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، ئاشکرای کرد، سێ تۆمەتباریان دەستگیر کردووە، کە تەقەیان لە ماڵی هونەرمەندی میللی و ناسراوی هەولێر محەمەد بامەندی کردووە.
ئاسایشی هەولێر، باس لەوەش دەکات، کە تەقەکردنەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانی ناوبراو.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، کەسی تەقەکەر بەناوی (ش، م، ع) و دوو برای بەناوەکانی (ڕ، م، ع) و (ح، م،ع) دەستگیر کران و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوه.
ئەو ڕاگەیەنراوەی ئاسایشی هەولێر، دوای ئەوە دێت، دوێنێ یەکشەم ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، تەقە لە ماڵی هونەرمەندی میللی شاری هەولێر محەمەد بامەندی کرا و بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناوبراو بەو هۆیەوە تووشی جەڵتە بووە و گیانی لە دەستداوە.