زێدپرێس-سلێمانی
ئەمڕۆ سێشەم ١ی ئابی ٢٠٢٣، پزیشکانی نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەکانیان، بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.
نوێنەری پزیشکانی مانگرتوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕای گەیاند، لە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٤ ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی کۆتا مووچە و ناڕوونی چارەنووسی مووچەکانی مانگی حوزەیران و تەمووز، نەخۆشخانەکانی ناو شار و دەرەوەی شار، نەخۆشخانەکانی منداڵ و لەدایکبوون و سەرجەم بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان، لەبەرانبەر بێباکی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دواکەوتنی مووچەکانیان، بڕیاریانداوە لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەمەوە، دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناوشار و دەرەوەی شار بایکۆت بکەن، جگە لە فریاکەوتنەکانی دەرەوەی شار و ماوەی ٧٢ کاتژمێر مۆڵەت بە لایەنی بەرپرس دەدەن و لە ئەگەری بەدەنگەوەنەهاتنیان لەماوەی ئەو ٧٢ کاتژمێرەدا، لەو شوێنانەیش دەست بە بایکۆت دەکەن.
نوێنەری پزیشکانی مانگرتوو، دوو داواکاری خستەڕوو، کە بریتین لە:
- دەستبەجێ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمووزی ٢٠٢٣.
- ڕێکخستنەوە و دابەشکردنی مووچە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا.
بەگوتەی نوێنەری پزیشکانی مانگرتوو، ژمارەی کۆی ئەو پزیشکانەی بڕیاری مانگرتنیان داوە، نزیکەی ٦٠٠ پزیشکی گەنجن.