Site icon Zed Press

وەزارەتی دارایی: دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

Ministry of Finance and Economy وەزارەتی دارایی و ئابوریی هه‌رێمی كوردستان زێدپرێس

زێدپرێس

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، بڕی ٥٩٨ ملیار دینارەکەی بەغدا گەیشتووە و ڕەوانەی بانکەکان کراوە و هەر ئەمڕۆیش دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٣ی ئابی ٢٠٢٣ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕوونی کردەوە، دوێنێ چوارشەم ٢ی ئابی ٢٠٢٣، بڕی ٥٩٨ ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم ناردراوە و هەر ئەمڕۆ پێنجشەم پارەکە ڕەوانەی بانکەکان کراوە بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و یەکەم وەزارەتیش کە تیایدا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، وەزارەتی تەندروستی دەبێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری

 

کاتژمێر ( ٣٠؛٩ ) بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٠٢٣/٨/٣ ) بڕی ( ٥٩٨ ) ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کراو ڕەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، هەر ئەمڕۆش دابەشکردنی مووچە بەوەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕادەگەیەنرێت و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە.

شایەنی باسە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بەزیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاردبردن و دام و دەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.

بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کەحکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بەهیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادو جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق.

ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە ١ ترلیۆن ٣٨٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە.

بەپێی ئینفاقی فیعلیش کە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجی مانگانە کاری پێدەکات پێویست بوو ١ ترلیۆن و ١٧٤ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە.

Exit mobile version