Site icon Zed Press

پێشمەرگەکانی لیوای ٢٠ لە کەرکووک خۆپیشاندان دەکەن

Zed Press news زێدپرێس هه‌واڵ لیوای ٢٠ی پێشمەرگە هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکات

زێدپرێس

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم ٣ی ئابی ٢٠٢٣، پێشمەرگەکانی لیوای ٢٠ی هاوبەش لە شاری کەرکووک خۆپیشاندان ساز بکەن، وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر دەستبەکارنەبوون و خەرج نەکردنی مووچەکانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٣ی ئابی ٢٠٢٣، یەکێک لە پێشمەرگەکانی لیوای ٢٠ی هاوبەش کە لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەیە، بۆ زێدپرێس ڕای گەیاند، دواجار لە نێوان خۆمان بڕیارمانداوە لە کاتژمێر ٢:٠٠ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەردەم نووسینگەی د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری کەرکووک دەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بکەین.

ڕوونی کردەوە، نزیکەی دوو ساڵە چاوەڕوانی دەستبەکاربوون دەکەن و هێشتا نە بۆ مەشق ناردراون و نە مووچەیەکیان بۆ خەرج کراوە، لەکاتێکدا لە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ تەنانەت شایستە داراییەکانیشیان بۆ تەرخانکراوە.

ئەو گوتی، “نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی کوردە و خەڵکی کەرکووکە و لە ماوەی پێشتریشدا بەردەوام قسەی لەسەر کێشەکەمان کردووە، دەمانەوێت دەنگمان بگات و جگە لە بەڵێن، وەڵامێکی کرداری وەربگرینەوە”.

لیوای ٢٠ی پێشمەرگە، لە سێ هەزار و ٧٧٧ لە گەنجانی کەرکووک و گەرمیان و مووسڵ پێکهاتووە. پێش نزیکەی دوو ساڵ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە نانووسکراون و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لیوایەکە گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و لە بودجەی پەسندکراوی عێراقیشدا بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی تەرخانکراوەکانی وەزارەتی بەرگری، بەشە بودجەی لیوای ٢٠ی پێشمەرگە جێگیر کراوە.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق، لیوای ٢٠ی هاوبەش بە سێ هەزار و ٧٧٧ ئەندام جێگیر کراوە و بڕی ٦٥ ملیار و ٨٤٥ ملیۆن دیناریش وەک شایستەی دارایی لیوایەکە تەرخانکراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

تا ئێستا، لیوایەکە دەستبەکارنەبوون و هیچ مووچەکیشیان وەرنەگرتووە.

ئەوان پێشتر بۆ زێدپرێس دووپاتیان کردووەتەوە، کە ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی یەکشەمەی داهاتووەوە، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێر ڕێک بخەن.

Exit mobile version