Site icon Zed Press

وەزیری دارایی: دەرگای وەزارەتمان کراوەیە بۆ وردبینی داتا و زانیارییەکان

Zed Press news زێدپرێس هه‌واڵ وەزیری دارایی: دەرگای وەزارەتمان کراوەیە بۆ وردبینی داتا و زانیارییەکان

زێدپرێس

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، دەرگای وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوەیە، بۆ وردبینی داتا و زانیارییەکان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە.

ئەو گوتانەی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، لە میانەی پێشوازیکردنیان لە شاندێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هات، کە ئەمڕۆ سێشەم ٨ی ئابی ٢٠٢٣ سەردانی وەزارەتەکەیان کرد.
شاندەکە پێکهاتبوون لە د. حەیدەر یوسف بەڕێوەبەری گشتی و عەلی خزەیر جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق و فەریق سلێمان هەرنی بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و شاندێکی یاوەریان .

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، “خۆشحاڵی خۆی بەو پەیوەندی و هەماهەنگییە دەربڕی، کە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە” و ڕایگەیاند “دەرگای وەزارەت و دامودەزگاکانمان کراوەیە بەڕووی تیمەکانی چاودێری دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچوونی هەر داتا و زانیارییەک لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن تیمەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کراون”.

ڕاگەیەنراوەکە باس لەوە دەکات، کە شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سوپاسی وەزیری داراییان کردووە، لە بەرانبەر ڕاسپاردنی سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکان بۆ هاوکاری هەماهەنگی تیمەکانی وردبینی لە داتا و زانیارییەکان.

ئێستا، دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بە چەند تیمێکی جیاواز سەرقاڵی کۆبوونەوە و سەردانی مەیدانین لە دامودەزگاکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێم و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتەکانی خۆیان ئامادە بکەن و ئاڕاستەی سەروو خۆیانی بکەن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە، تیمێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گومرگ و باج و بودجە و چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکوومەتی هەرێم ئەنجامداوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا سەردانی وەزارەت و دامودەزگای دیکەی حکوومەتی هەرێم دەکەن.

Exit mobile version